Wednesday, July 18, 2012

کورتەیەک لە ژیانی نوسەربه‌ختیار عه‌لی

baxtyar ali

لە سلێمانی لە دایکبووە و ھەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی شێخ سەلام تەواوکردوە، دواتر لە « ناوەندی ئەزمڕ» خوێندوێتی و ئامادەییشی لە «ئامادەیی ھەڵکەوت» تەواوکردوە، لەزانکۆی سلێمانی و ھەولێر لە کۆلێژی زانستی بەشی جیۆلۆجی خوێندکاربووە. لەساڵی ١٩٨٣ دا لە خۆپیشاندانی زانکۆدا برینداردەبێت و زانکۆ جێدەھێڵێت. لە ساڵی ١٩٨٣ ـەوە تەواو خۆی بۆ کاری ئەدەبی تەرخاندەکات، لەو ساڵەدا قەسیدەی نیشتیمان دەنوسێت کە کۆنترین بەرھەمی بڵاوکراوەی نوسەرە و نۆ ساڵ دواتر بۆ یەکەمجار لە دیوانی «گوناھ و کەرنەفال» دا چاپدەکرێت. لە ساڵانی ھەشتادا نوسەر کۆمەڵێک قەسیدەی درێژ دەنوسێت، لەوانە « شار»، « گوناھ» ، «کەرنەفال» و چەندانی تر، دەستنوسی یەکەمی ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم» یش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوسەردەمە. لە پاییزی ساڵی ١٩٨٩ دا یەکەمین وتاری بە دوو بەش بە ناونیشانی « قسەکردن لە پەراوێزی بێدەنگی» دا لە ڕۆژنامەی «پاشکۆی عێراق»دا بڵاودەبێتەوە. لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا، لەگەڵ کۆمەڵێک نوسەری تردا ژمارە یەکی "گۆڤاری ئازادی" دەردەکەن کە دواتر پێنج ژمارەی لێ بڵاودەبێتەوە. لەساڵی ١٩٩٢ دا یەکەمین کۆمەڵە شیعری بەجۆرێکی ئێجگار سادە و سەرەتایی و بە تیراژێکی کەم چاپدەکرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندەھا کۆڕ و سیمینار لە ھەولێر و سلێمانی پێشکەشدەکات و ئیشەکانی لە پاڵ ئیشی کۆمەڵێک نوسەر و ڕۆشنبیری تردا وەک سەرەتای سەرھەڵدانی جۆرە تێڕوانینێکی دی بۆ ئەدەب و کۆمەڵگا سەیردەکرێن. دوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ئەیلولی ١٩٩٤ دا کوردستان بەجێدەھێڵێت و ڕوو دەکاتە سوریا، پاش نۆ مانگ ژیان لە دیمەشقدا دەگاتە ئەڵمانیا و تاساڵی ١٩٩٩ لە فرانکفۆرت نیشتەجێ دەبێت. لەو ماوەیەدا لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی دیکەدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند، لە ساڵی ١٩٩٨ یشدا ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە» دەنوسێت. لەساڵی ١٩٩٩ وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێدەبێت. تا ئێستا ئەم بەرھەمانەی نوسەر چاپکراون:
١-« گوناھ و کەرنەفال ـــ شیعر»
٢-« مەرگی تاقانەی دووەم ـــ ڕۆمان»
٣-« ئێوارەی پەروانە ـــ ڕۆمان»
٤-« کۆی بەرھەمە شیعرییەکان ١٩٨٣ - ١٩٩٨»
٥-« دواھەمین ھەناری دونیا ــ ڕۆمان»
٦-« بۆھیمی و ئەستێرەکان ـــ شیعر»
٧-« ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوسدا ـــ شیعر»
٨-« وەڵام لە ڕۆژگاری ونبوونی پرسیاردا ـــ سیازدە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەختیار عەلی»
٩-« ئیمان و جەنگاوەرانی ــ فیکری سەلەفی و دەرکەوتە نوێکانی لە ڕۆشبیریی کوردیدا»
١٠-« خوێنەری کوشندە ـــ کۆمەڵە وتار»
١١-« شاری مۆسیقارە سپییەکان ـــ ڕۆمان»
١٢-« تا ماتەمی گوڵ … تا خوێنی فریشتە ـــ کۆی بەرھەمە شیعرییەکان ١٩٨٣ ــ٢٠٠٤»

No comments: